نرخی نەوت بەشێوەی بەرچاو بەرزبووەوە

KNN : Kurdish News Network
11:16 - 28/05/2026
ئابوری
+
-

بەهۆی گرژی و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران و وەڵامدانەوەی سوپای پاسداران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە لەناکاو بەڕێژەی نزیکەی 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 97.83 دۆلار.

 

هاوکات نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بەهەمان شێوە بەڕێژەی 4٪ بەرزبووەوە و بە 92.22 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 

هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شاری بەندەرعەباس.

 

دواتر سوپای پاسداران ڕایگەیاند، لە تۆڵەی ئەو هێرشەی ئەمریکادا بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، ئەم پێکدادانە ڕاستەوخۆیەش دەستبەجێ زەنگی مەترسیی دایە بازاڕەکانی وزە.

 

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە کە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە و ناوەندێکی کۆنترۆڵکردنی زەمینییان کردووەتە ئامانج.

 

هێرشە مووشەکییەکانی نێوان ئێران و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، مەترسییەکی گەورەی دروستکردووە لەسەر ئەگەری داخستن یان دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، کە لە سەدا 20ی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

 

لەلایەکی دیکەوە، هێرشەکانی ئەمڕۆ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەو هیوایانە دروستکرد کە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتۆن هەبوون و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی نەوتیان هێنابووە خوار 100 دۆلار؛ بەپێی شیکارییەکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەم پێشهاتانە هیوای بازاڕەکانی بۆ ڕێککەوتنی دیپلۆماسیی کورتخایەن لەناوبردووە و مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ بەرزترین ئاست.

148 جار خوێندراوەتەوە