بزوتنەوەی گۆڕان: دەبێت ئەم جەژنە بکەینە وێستگەیەک بۆ نوێکردنەوەی لێکتێگەیشتن و کاری پێکەوەیی

KNN : Kurdish News Network
02:13 - 26/05/2026
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ سێشەممە، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پێویستیی وەلانانی ململانێ سیاسییەکان و گەڕانەوە بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی دەکاتەوە، هاوکات پشتیوانیی خۆشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لەڕێگەی گفتوگۆوە دووپات دەکاتەوە.


لە پەیامەکەدا کە ئەمڕۆ (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کردووە کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، گەورەترین بەرپرسیارێتیی قۆناغەکە بریتییە لە وەلانانی ململانێی حیزبی و سیاسی، هەروەها هەنگاونان بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بە هاونیشتمانیان.


سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە: "ئارامی و سەقامگیریی وڵات تەنها بە هاوبەشیی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی دەستوور دێتەدی." لەو چوارچێوەیەشدا، بەتەواوی پشتیوانی لە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەییی کێشەکان، بەتایبەتی پرسی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان.


لە کۆتایی پەیامەکەشدا، بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان، هیوای سەلامەتی و قبوڵبوونی نزاکانی بۆ حاجیانی کوردستان خواستووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەم بۆنەیە بکرێتە وێستگەیەک بۆ نوێکردنەوەی گیانی برایەتی و ئاشتەوایی و کاری پێکەوەیی.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

 


77 جار خوێندراوەتەوە