گواستنەوەی غاز بە ڕۆژ قەدەغە دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
01:49 - 26/05/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنی وەرزی گەرماوە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە گواستنەوەی غازی شل (LPG) بە ڕۆژ قەدەغە دەکرێت و هەر شۆفێرێکیش سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

 

لە ئاگادارییەکدا کە ئاراستەی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی غازی کردووە، هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ماددەی (4) لە ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاری قەدەغەکردنی گواستنەوەی غاز بە ڕۆژ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

 بڕیارەکە لە ڕێکەوتی 1ی حوزەیرانی 2026 دەست پێدەکات و تاوەکو 1ی تشرینی یەکەمی 2026 بەردەوام دەبێت.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارەی بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و بەدووربوون لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە وەرزی گەرمادا گەڕاندووەتەوە.

 

جەختیشی کردووەتەوە کە هەر ئۆتۆمبێلێك بە ڕۆژ کاری گواستنەوەی غاز ئەنجام بدات، ڕێکاری توندی یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

182 جار خوێندراوەتەوە