دارایی هەرێم کورتھێنانی مووچە لە ڕێگەی قەرزەوە پڕ دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:13 - 26/05/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی تەمویلی مووچەی مانگی ئایار و چۆنیەتی دابەشکردنی پێش جەژنی قوربان بڵاوکردەوە و ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ناردنی پێشوەختی نیوەی داهاتی نانەوتی، بەڵام بەغدا زیاتر لە 80 ملیار دینار کورتھێنانی لە تەمویلی مووچەدا دروستکردووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش وەزارەت پەنای بۆ وەرگرتنی قەرز بردووە تاوەکو پێش جەژن سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەربگرن.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی، دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان ڕەوانەی بەغدا کرا، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، بڕی 50 ملیار دینار وەک نیوەی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. وەزارەت ئاماژە بەوە دەکات کە داواکردنی داهاتی مانگێک کە هێشتا شەش ڕۆژی بۆ کۆتاییەکەی ماوە، لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاریی دنیادا نییە، بەڵام هەرێم بۆ نەهێشتنی هیچ بیانوویەک ئەو بڕەی پێش وادەی خۆی ڕەوانە کردووە.

 

وەزارەتی دارایی ڕوونی دەکاتەوە، سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، لە کۆی بڕی 970 ملیار و 741 ملیۆن و 514 هەزار و 914 دیناری شایستەی مووچە، وەزارەتی دارایی عێراق لە کاتی کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی و لە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆدا، تەنها بڕی 890 ملیار و 502 ملیۆن دیناری ناردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە زیاتر لە 80 ملیار دینار کەمتر لە کۆی تەمویلی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئایار ڕەوانە کراوە.

 

سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی مووچە، وەزارەت ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای پشووی فەرمی، سەرجەم بانک و گەنجینەکان ڕاسپێردراون و دابەشکردنی مووچە لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەست پێ دەکات.

 

 پرۆسەکە لە ڕۆژانی جەژنی قوربانیشدا لە دوای کاتژمێر 10ی بەیانییەوە، چ بەشێوەی کاش و چ لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوام دەبێت.

 

وەزارەت داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات کە بە کاش مووچە وەردەگرن، لە کاتژمێر 5ی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن، ئەوانەشی لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەری دەگرن، لە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆوە دەتوانن لە ئامێرەکانی (ATM) پارەکانیان ڕابکێشن، هەر کەسێکیش نەتوانێت لەم سێ ڕۆژەدا مووچەکەی وەربگرێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام دەتوانێت سەردانی بانک بکات.

33 جار خوێندراوەتەوە