پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن

KNN : Kurdish News Network
12:29 - 26/05/2026
کوردستان
+
-

کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، بەتایبەتی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا کەشوهەوا جێگیر دەبێت و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت.

 

بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە (26ی ئایاری 2026)، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و لە نێوان (5 بۆ 15) کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا، مەودای بینین لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ یەک بۆ دوو پلە بەرزدەبنەوە.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ چوارشەممە (27ی ئایاری 2026) کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، پێشبینی دەکرێت ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت و لە هەندێک ناوچەش نیمچە هەور دەبێت، خێرایی با کەمێک زیاد دەکات و دەگاتە 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، پلەکانی گەرماش یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە.

 

بەپێی پێشبینییەکان بۆ بەرزترین پلەکانی گەرما لە ڕۆژی جەژندا، لە گەرمیان 39 پلە، لە چەمچەماڵ و هەڵەبجە 34 پلە، لە هەولێر و زاخۆ 33 پلە، لە سلێمانی و دهۆک 32 پلە، لە پیرمام 28 پلە، و لە حاجی ئۆمەران 23 پلەی سیلیزی دەبێت.

125 جار خوێندراوەتەوە