بەپێی
میدیاکانی ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران، لانیکەم
چوارکەس کوژراون، ئەمریکاش جەخت لە بەردەوامی ئاگربەست دەکاتەوە و دەڵێت، هێرشەکان
کاردانەبوون و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت، سەرباری گرژییەکانی ئەم دواییە،
گەیشتن ەب رێککەوتن لەگەڵ تاران ئەگەرێکی کراوەیە.
وتەبێژی
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە چوارچێوەی بەرگرییکردن لە
خۆیان، چەند هێرشێکیان لە باشووری ئێران ئەنجامداوە و تێیدا سەکۆی هەڵدانی موشەک و
ئەو بەلەمانەیان کردووەتە ئامانج کە هەوڵی دانانی مینيان دەدا.
بەرپرسێکی
باڵای ئەمەریکیش ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ئێران
هەوڵی هێرشکردنە سەر هێزەکانیانی داوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
هەروەها، پێگەیەکی سیستەمی موشەکیی (سام) لە بەندەر عەباس کراوەتە ئامانج دوای
ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکای کردبووە ئامانج.
واشنتن جەخت
دەکاتەوە کە لە کاتی ئاگربەستدا بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە هێزەکانیان
بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە، وە هێرشەکانیش کاردانەوە بوون نەک هێرشی پێشوەختە و
بەرنامەبۆداڕێژراو.
لە بەرامبەردا
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی "ئەمەریکا و
زایۆنی" لە باشووری دوورگەی لارک لە گەرووی هورمز هێرشیان کردووەتە سەر چەند
بەلەمێکی ئێرانی و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون، بەڵام ئاماری کۆتایی هێشتا ڕوون
نییە. هاوکات، تەلەفزیۆنی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی بەندەر عەباس ئارام و
ئاساییە.
لەسەر ئاستی
دیپلۆماسیش، مارکۆ روبيۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا
لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، تاوتوێی پێشهاتەکانی ئێرانیان کردووە.
روبيۆ ڕایگەیاند، ئەمەریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی
دانوستانەوە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و پێدەچێت داڕشتنی بڕگەكانی ڕێککەوتنەکە چەند
ڕۆژێک بخایەنێت. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە دوێنێ هەندێک گفتوگۆ لە قەتەر بەڕێوەچوون
و سەبارەت بە دەقە سەرەتاییەکانی ڕێککەوتنەکەش گفتوگۆی زۆر لە نێوان لایەنەکاندا
هەیە. سەبارەت بە جموجوڵی ئاویش، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دا و وتی:
"پێویستە گەرووەکان کراوە بن و بە هەر شێوەیەک بێت کراوە دەمێننەوە."
346 جار خوێندراوەتەوە