عەلی زەیدی: هەموومان لەم نیشتمانەدا هاوبەشین و پەرۆشین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێم

KNN : Kurdish News Network
02:26 - 23/05/2026
کوردستان
+
-

  ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە شاری بەغدا پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

 

نوسینگەی عەلی زەیدی بڵاویکردەوە: لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی وڵات و ئەو کێشە هونەرییانە کرا کە پەیوەستن بە دۆسیەکانی دەروازە سنوورییەکان، جێبەجێکردنی سیستەمی باجی گومرگی (ئەسیکوودا) و کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکانی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی ئاستبەرز و هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور.

 

لەلایەکەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق پەرۆشیی حکومەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دووپاتکردەوە بە ئامانجی خزمەتکردنی هاووڵاتییان، و ئاماژەی بەوە کرد کە هەمووان لەم نیشتمانەدا هاوبەشن.

 

لە بەرامبەریشدا، مەسرور بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی پیرۆزبایی بۆ متمانەوەرگرتنی کابینەکەی زەیدی لە پەرلەمان، پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی بۆ کابینە نوێیەکە دەربڕی و جەختی لە چارەسەرکردنی ڕیشەییی کێشە هونەرییەکان کردەوە بەپێی دەستووری عێراق.

87 جار خوێندراوەتەوە