عەلی ئەکبەر
ویلایەتی، ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە
یاداشتێکی 23 خاڵیدا ڕەخنەی توند لە هەرێمی کوردستان دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بە
نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی پارتە کوردییەکانی دژبەری تاران.
ویلایەتی کە
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران بووە و خۆی وەک ئەمینداری گشتیی "کۆمەڵەی
جیهانیی رابوونی ئیسلامی" ناساندووە، لە یاداشتەکەیدا داوا لە
حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکات چارەنووس و سەروەریی هەرێمی کوردستان "یەکلایی" بکاتەوە
و دەپرسێت: "بۆچی هەرێمی کوردستان کە دەبێت هەرێمێک بێت لەژێر
حوکمڕانیی ناوەندیدا، بە کرداری سیاسەتی دەرەوەی سەربەخۆی هەیە و جیاواز لە بەغدا
کار دەکات؟" هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "بەڵگە و وێنەی
کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەرێم و ئیسرائیل لە هەولێر هەیە".
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەیەک
بۆ پارتەکانی وەک (کۆمەڵە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و موجاهیدینی خەڵق) بۆ
گواستنەوەی هێزەکانیان بۆ ناوخۆی ئێران و پیلانگێڕان، کە بە وتەی ئەو، ئەمەش
پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەمساڵەوە هەیە.
ئەم لێدوانانە
لە کاتێکدان کە تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی لەلایەن هەولێر یان پارتە
کوردییەکانەوە نەدراوە.
سەرباری ئەم
تۆمەتانەش، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و تاران لە ئاستێکی
باشدان و بەرپرسانی هەرێمیش بەردەوام جەختیان کردووەتەوە کە ڕێگە نادەن خاکی هەرێم
ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێران، بەتایبەت کە سنوورە هاوبەشەکانیان ڕۆڵێکی ژیانی و گرنگ
لە ئابووریی ئێراندا دەگێڕن لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکەدا.
186 جار خوێندراوەتەوە