سکای نیوز: پاکستان گرێکوێرەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە دانوستانەکانی تاران و واشنتن کردەوە

KNN : Kurdish News Network
12:16 - 23/05/2026
جیهان
+
-

سەرچاوەکان بە تۆڕی "سکای نیوز عەرەبی"یان ڕاگەیاندووە کە نێوەندگیرە پاکستانییەکە توانیویەتی گرێکوێرەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە دانوستانە سەختەکانی نێوان تاران و واشنتن بکاتەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، ئەو پرسانەی تا ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا یەکلایی نەکراونەتەوە بریتین لە: وەستاندنی شەڕ لە لوبنان، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە ناوچەکە. تارانیش جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە بە پێویست دەزانێت بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و چوونە ناو خولێکی نوێی دانوستان لە ماوەی 30 ڕۆژدا.

 

هاوکات ئێران داوا دەکات ڕێژەیەکی زیاتر لەو سەدا 25ـەی ئێستا خراوەتەڕوو، لە پارە سڕکراوەکانی بۆ ئازاد بکرێت.

 

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سوپای پاسداران هەڵوێستێکی "توندڕەوانە"ی هەیە و ڕەتی دەکاتەوە هیچ سازشێک لەسەر ئەو داواکارییانە بکات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان سوپای پاسداران و حکومەتەکەی مەسعود پزیشکیان، کە زیاتر مەیلی بەلای قبوڵکردنی پێشنیازەی نێوەندگیرەکاندا هەیە.

233 جار خوێندراوەتەوە