پژاک چەکمان لە هیچ هێزێک وەرنەگرتووە

KNN : Kurdish News Network
03:20 - 21/05/2026
کوردستان
+
-

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و ڕەتیدەکاتەوە هیچ چەکێکیان لەو وڵاتە وەرگرتبێت، هاوکات داواش دەکات ئەمریکا بە ئاشکرا ناوی ئەو لایەنە سیاسییانە بهێنێت کە چەکی پێداون

 

 

گەلاوێژ ئەورین، وتەبێژی ڕاگەیاندنی پژاک ڕایگەیاند، قسەکانی ترەمپ سەبارەت بە ناردنی چەک بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران لە ڕێگەی کوردەوە و مانەوەی چەکەکان بەدەست کورد خۆیەوە، بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لایەن ئەو لێدوانانە بۆ بەئامانجگرتنی کورد بەکاربهێنن

 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەو جۆرە هەڕەشانە هاندانی ئێرانە لە دژی کورد و هەوڵدانە بۆ شکاندنی متمانەی گەل بەرامبەر بە هێزەکانیان، بەڵام پژاک لەسەر خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێگەی بەهێزی سیاسی و سەربازیی هەیە و پشت بە هیچ هێزێکی دەرەکی نابەستێت

 

وتەبێژی پژاک پێشبینی دەستێوەردانێکی نوێی کورتخایەن و کاریگەر لە دژی ئێران دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی، لەگەڵ گرنگیی گەرووی هورمز بۆ پەکین کە پاڵنەرە بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن

 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، گەلاوێژ ئەورین جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسیی کوردی چەکی لە ئەمریکا وەرگرتووە، پێویستە بە ئاشکرا بۆ ڕایگشتی ڕوونی بکاتەوە، چونکە شێواندنی دۆخەکە بەو جۆرە لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە. ڕاشیگەیاند، بچووککردنەوەی پێگەی کورد بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و کورد ئەکتەرێکی سەرەکیی ناوچەکەیە

 

 

 

71 جار خوێندراوەتەوە