دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی کوردی ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
08:42 - 21/05/2026
کوردستان
+
-

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی کوردی ڕاگەیاند، لە بەرامبەریشدا ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، سزاکە بە نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کراوە.

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە سزای لەسێدارەدانی هەریەک لە (ڕامین زەڵە) و (کەریم مەعروف‌پور) جێبەجێ کراوە. دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەو دوو کەسە تۆمەتبار دەکات بە "ئەندامبوون لە گرووپە جوداخوازەکان، ڕاپەڕینی چەکداری و هەوڵدان بۆ تیرۆر"، هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە شانەی نهێنیی چەکدارییان پێکهێناوە، چەکیان لە دەرەوەی وڵاتەوە هێناوە و چەندین هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان.

 

لە بەرامبەردا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە خەڵکی شاری نەغەدەن و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە یەک دۆسیەی هاوبەشدا سزاکەیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سزاکە بەبێ پێدانی مافی دوایین دیدار بە خێزانەکانیان جێبەجێ کراوە و ئەو تۆمەتانەش لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و لەژێر ئەشکەنجەدا لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە دراونەتە پاڵیان.

 

بەپێی زانیارییەکانی پێشینەی دۆسیەکە، ڕامین زەڵە لە مانگی تەممووزی 2024 دەستبەسەرکراوە و دوای 507 ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی، لە پرۆسەیەکی دادگاییکردنی کورت و ناڕووندا، بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر، لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

 

هەروەها کەریم مەعروف‌پور تەمەن 29 ساڵ، لە ئاداری 2021 لە شاری سەردەشت دەستبەسەرکراوە و پاش ئەوەی لە کاتی دەستگیرکردنیدا بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بێسەروشوێن کراوە، لەلایەن هەمان دادگاوە سزای مەرگی بۆ دەرچووە.

89 جار خوێندراوەتەوە