یادی نەوشیروان مستەفا؛ یادێک بۆ یەکگرتویی و بەردەوامی

KNN : Kurdish News Network
07:49 - 18/05/2026
کوردستان
+
-

یادی نەوشیروان مستەفا؛ یادێک بۆ یەکگرتویی و بەردەوامی

هاونیشتمانیانی خۆڕاگری کوردستان..
گۆڕانخوازان و ئازادیخوازان..

ئەمڕۆ، نۆ ساڵ بەسەر کۆچیی دوایی سەرکردەی نیشتمانی، ئەندازیاری ڕاپەڕین، دامەزرێنەر و ڕێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا تێدەپەڕێت. لەم (٩) ساڵەدا، بۆشاییەکی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی و فیکریی نەتەوەکەماندا دروست بوە.

لە ئێستادا، هەرێمی کوردستان بە قەیرانی قوڵی سیاسی، ئابوری، دامەزراوەیی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت. لاوازبونی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان، قەیرانی بەردەوامی موچە و بژێوی، دەستوەردانی حیزبی لە کایەکانی حوکمڕانی، پەککەوتنی دامەزراوە شەرعییەکان و لاوازبونی پێگەی هەرێم لە عێراقدا؛ سەلمێنەری ئەو راستییە تاڵەن، کە هۆشدارییەکانی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی ڕاست و دروست بون. ئێستا لە هەرکات زیاتر دەزانرێت نەبونی دامەزراوەی نیشتمانی و هێزی پێشمەرگەی یەکگرتو و دادگایەکی سەربەخۆ؛ سێکوچکەی مەترسین بۆ قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

بەهۆی دنیابینیە فراوانەکانی، نەوشیروان مستەفا لە چوارچێوەیەکی سیاسیی، یان لەناو بزوتنەوەیەکی سیاسی قەتیس ناکرێت، بەڵکو وەک موڵکی هاونیشتمانیان و پرۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر دەمێنێتەوە، دیدگاکانی بۆ چەسپاندنی حوکمی یاسا، ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی، گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ تاکی کورد، ئێستا بوونەتە تەوەری سەرەکیی داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان.

کۆچیی دوایی کاک نەوشیروان، لە ڕۆژژمێری سیاسیی کوردستاندا، هاوکاتی وەرچەرخانێکی پڕ بەهایە لە خەباتی نەتەوەیی و مێژویی دا. لەم ڕۆژەدا، بزوتنەوەی سیاسیی کورد قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە هەنگاوی نا بۆ قۆناغی حوکمڕانی لەڕێی هەڵبژاردنەوە. (٣٤) ساڵ لەمەوبەر یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چوارچێوەیەکی یاسایی و نوێنەرایەتی خولقاند، کە بەداخەوە ئەمڕۆ بەدەستی خۆمان ئەم دامەزراوەمان پەکخستوە. لەم سۆنگەیەوە، باشترین وەفا بۆ رۆحی پاکی کاک نەوشیروان و تەواوی شەهیدانی کورد و کوردستان هەنگاونانە بۆ تەبایی ناوخۆیی و کاراکردنەوەی پەرلەمان و دروستکردنەوەی کۆدەنگی نیشتمانی.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، بە بەرپرسیارێتییەوە دەڕوانینە ئاڵنگارییەکانی سەر شانمان و ئەو هەوراز و نشێوانەی بەسەر بزوتنەوەکەماندا هاتون. دەزانین کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کاک نەوشیروان ڕێگایەکی سەختە و باجی دەوێت، بەڵام دڵنیاین، کە ئەم نەخشەڕێگایە پڕۆژەیەکی جێگرەوەیە بۆ ڕزگارکردنی هەرێم لەم چەقبەستووییە. هەربۆیە لەم یادەدا، بانگەواز دەکەین بۆ یەکخستنەوەی ڕیزەکانی نێوماڵی کورد لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی، نەک حیزبی، هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ پێشوازی لە هەر ڕەخنە و سەرنجێکی دڵسۆزانە، کە ئامانج لێی راستکردنەوەی رێڕەوی خەباتی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان بێت.

لەم یادە تاڵەدا، سڵاو بۆ رۆحی پاکی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاری و ئازادیی کورد و کوردستان دەنێرین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم یادە دەکەینە وێستگەیەک بۆ نوێکردنەوەی بەڵێن و گێڕانەوەی ئومێد، کە لەسەر رێچکەی بوێریی و بەرگریکردن لە مافی ڕەوای خەڵک بەردەوام دەبین، تا ئەو رۆژەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و حوکمڕانییەکی دروست لەم هەرێمەدا دەچەسپێت.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٨ی ٥ی ٢٠٢٦

163 جار خوێندراوەتەوە