نرخی نەوت 111 دۆلاری تێپەڕاند

KNN : Kurdish News Network
10:46 - 18/05/2026
ئابوری
+
-

ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەروەها دوای هێرشکردنە سەر وێستگەیەکی ئەتۆمی لە ئیمارات و پێشبینییەکان بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازی دژی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی.

 

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بڕی (2.03) دۆلار (1.86٪) بەرزبووەوە و گەیشتە (111.29) دۆلار، کە ئەمەش بەرزترین ئاستییەتی لە دوای پێنجی ئایارەوە.

 

هاوکات، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکیش بە بڕی (2.31) دۆلار (2.19٪) بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و گەیشتە (107.73) دۆلار، کە بەرزترین ئاستە لە دوای 30ـی نیسانەوە.

 

هەفتەی ڕابردووش، بەهۆی کەمبوونەوەی ئومێدەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە هێرش و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، هەردوو جۆرەکەی نەوت زیاتر لە 7٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، ئەمەش پاش ئەوە دێت کە کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بەبێ هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان کۆتایی هات.

 

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیمارات ڕایانگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکەی سەر وێستگەی ئەتۆمیی (بەرەکە) دەکەن، جەختیشیان کردووەتەوە کە وڵاتەکەیان مافی تەواوی وەڵامدانەوەی بۆ ئەو جۆرە "هێرشە تیرۆریستییانە" هەیە.

 

تۆنی سیکامۆر، شیکەرەوەی بازاڕەکان لە کۆمپانیای (IG) پێی وایە: "ئەو هێرشە درۆنییانە هۆشدارییەکی توندن، چونکە نوێبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕەنگە ببێتە هۆی هێرشی زیاتری بەوەکالەت بۆ سەر سەرچاوەکانی وزە و ژێرخانی هەستیاری کەنداو لەلایەن ئێران و بریکارەکانییەوە".

 

جەیسۆن شینکەریش لە کۆمپانیای "پریستیج ئیکۆنۆمیکس" ئاماژەی بەوە کردووە، تا ململانێکان درێژە بکێشن مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیاتر دەبن.

 

هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کردووە، چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ گەورە ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازی دژی ئێران.

 

لە پێشهاتێکی تریشدا کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبێت، ئیدارەی ترەمپ ڕۆژی شەممە کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوونێکی لە سزاکان پەسەند کرد، کە پێشتر ڕێگەی بە وڵاتانی وەک هیندستان دەدا نەوتی ڕووسیا بکڕن.

76 جار خوێندراوەتەوە