ئێران دەستبەسەر مڵک و ماڵی 129 بەرهەڵستکاری کورددا دەگرێت

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 18/05/2026
کوردستان
+
-

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی (129) کەسی لە پارێزگای ورمێی ڕاگەیاند، ئەمەش لە درێژەی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی ئەو کەسایەتییانەدایە کە دژبەری کۆماری ئیسلامین.

 

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو سەروەت و سامانانەی دەستیان بەسەردا گیراوە موڵکی "سەرکردەی گرووپە دژە شۆڕش و جوداخوازەکان"ن لەو پارێزگایە، هەروەها خاوەنی ئەو موڵکانەی بە "هاودەستی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل" تۆمەتبار کردووە. تا ئێستاش وردەکاریی ئەو پرۆسە دادوەرییەی کە بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی موڵکی ئەو کەسانە بە ڕوونی ئاشکرا نەکراوە.

 

پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنی موڵکی هاووڵاتییان لە ئێران چڕتر بووەتەوە و چین و توێژە جیاوازەکان دەگرێتەوە، لەوانەش؛ ڕۆژنامەنووسان، ئەکتەرانی پێشوو، چالاکوانانی سیاسی و هونەرمەندان.

 

لە کاتی جەنگی ئەم دواییەشدا، چالاکوانانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لایەنگری کۆماری ئیسلامین، کەمپەینیان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی نەیارانی حکومەت ڕاگەیاند و بە "پشتیوانیکارانی جەنگ" ناویان بردن.

 

دوای ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای ئەمساڵ و کوژرانی خۆپیشاندەران، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەشدارییان لە گردبوونەوە ناڕەزاییەکاندا لە شارە جیاوازەکان کرد، کە ئەو ناڕەزایەتییانە لە هەفتەکانی پێش جەنگ و دوای جەنگیش بەردەوام بوون. بەهۆی ئەمەشەوە، دەسەڵاتی دادوەری لە پاش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بە پشتبەستن بە یاسای "توندکردنی سزای سیخوڕی"، خۆپیشاندەران و نەیارانی بە "هاوکاریکردنی دوژمن" تۆمەتبار کرد.

 

لەلایەکی دیکەوە، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان تەنها پەیوەست نییە بە پرسی جەنگەوە، بەڵکو لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵیشدا، دەسەڵاتدارانی ئێران موڵکی بەشێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیان زەوت کردبوو.

154 جار خوێندراوەتەوە