جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق وەک بەرنامەی هەمیشەیی لە نێوان ١٨ بۆ ٢٥ی هەموو مانگێکدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات و جەختیش دەکاتەوە کە بەهۆی هاتنی جەژنی قوربان و پێویستی بازاڕ و هاووڵاتیان، پێویستە حکومەت مووچەی مانگی پێنج پێش جەژن دابەش بکات.
لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی کەناڵی کەی ئێن ئێن، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی پێنج (ئایار) پێش هاتنی جەژنی قوربان ڕەوانەی هەرێم بکرێت، بەڵام ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە بەغداد. کۆچەر هۆشداری دا کە هەر جۆرە دواکەوتنێک لە ڕادەستکردنی داهاتەکان، دەبێتە بیانوو بۆ بەغداد تا ناردنی مووچە دوابخات.
سەبارەت بە پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ماوەی دە ساڵە ڕاگیراوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد کە دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوتای بەغداد بێت و پلەبەرزکردنەوەیان بۆ ئەژمار بکرێت. وتیشی: "پلەبەرزکردنەوە نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ ملیار دینار دەخاتە سەر کۆی گشتی تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم، بەغدادیش ئامادەیە ئەو پارەیە بنێرێت، بەڵام کێشەکە لە هەولێرە؛ چونکە تا ئێستا لیستی وردی فەرمانبەرانی بەپێی پلە و سەرمووچە و بە 'کۆدی' نوێوە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق نەکردووە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە پرسی مووچەدا، کۆچەر ڕایگەیاند کە پێویستە هەرێمی کوردستان داتا و زانیارییەکان ڕەوانەی بەغداد بکات تاوەکو پارە بنێردرێت. وتیشی: "ئەگەر هەرێم داتا نەنێرێت، بەغداد پارە نانێرێت، وەک چۆن لە مانگی ڕابردوودا بەهۆی دواکەوتنی داتاکانی هەرێمەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواکەوت". ناوبراو دڵنیایی دا کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی، جەخت لەوە کراوەتەوە کە مووچەی تەواوی ئەمساڵ دابینکراوە و هیچ مەترسییەک لەسەر بودجەی مووچە نییە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، جەمال کۆچەر بەرگری لە شەخسی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کرد و ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە "دژە کورد"بوونی ناوبراو دەکەن. کۆچەر وتی: "تەیف سامی کەسێکی پاک و پیشەگەرە و تەنها پابەندی یاسا و بڕگەکانی بودجەیە، ئەو وەک چۆن بەرامبەر کورد توندە، بە هەمان شێوە بەرامبەر لایەنە شیعەکانیش توندە ئەگەر داوایەک لە دەرەوەی یاسا بکەن".
156 جار خوێندراوەتەوە