تا رۆژی هەینی ناجێگیری کەش و هەوا بەردەوام دەبێت

KNN : Kurdish News Network
10:23 - 17/05/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی بارستەهەوای فێنکی دەریای ناوەڕاستەوە، شەپۆلێکی لاوازی ناجێگیریی کەشوهەوا تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت و ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسکە لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە.

 

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە، لەمڕۆوە تاوەکو ڕۆژی هەینی (22ی ئایاری 2026)، بەهۆی مانەوەی سیستەمی هەوای سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، ڕۆژانە لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا، ئەگەری چڕبوونەوەی هەورەبروسکە و تاوەبارانی کورتخایەن لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر و دهۆک، هەروەها ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین هەیە.

 

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکان کەمتر دەبێت و کەشوهەوا جێگیرتر دەبێت لەگەڵ دەرکەوتنی پەڵەهەوری جیاجیا.

 

هاوکات لە سبەینێ دووشەممەوە (18ی ئایاری 2026) پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە، بەڵام بەگشتی لە خوار ئاستی ئاسایی ئەم کاتەی ساڵەوە دەمێننەوە و بەرزبوونەوەکە بەرچاو نابێت.

133 جار خوێندراوەتەوە