بەرپرسانی
بزووتنەوەی حەماس و ژمارەیەک لە مزگەوتەکانی کەرتی غەززە، کوژرانی عیزەدین حەداد،
فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی قەسام لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا پشتڕاست
دەکەنەوە.
سێ سەرچاوە لە
بزووتنەوەی حەماس بە ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"یان ڕاگەیاندووە؛ عیزەدین
حەداد لەو هێرشە ئاسمانییەی ئێوارەی ڕۆژی هەینی کەرتەکەی کردە ئامانج کوژراوە و،
تەرمەکەی لەلایەن خێزانەکەیەوە ناسراوەتەوە کە پارچە پارچە بووە.
هاوکات،
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری شایەتحاڵەکانەوە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە مزگەوتەکانی
غەززە لە ڕێگەی بڵندگۆکانیانەوە ماتەمینییان بۆ ئەو فەرماندەیەی حەماس گێڕاوە.
لای خۆیەوە
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئەو
وڵاتە ڕایانگەیاند، هێرشەکەیان بۆ سەر شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی ڕیمال لە
شاری غەززە بەمەبەستی بەئامانجگرتنی حەداد بووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە کە ناوبراو
یەکێک بووە لە ئەندازیارانی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023.
سەرچاوە
ئەمنییەکانی ئیسرائیلیش بە کەناڵی 12ی عیبرییان ڕاگەیاندووە، هێرشەکە لەسەر بنەمای
زانیاریی هەواڵگریی دروست ئەنجامدراوە.
ئەو هێرشە
کاتژمێر 7:45 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕوویداوە، دوای 10 خولەک لە بۆردومانکردنی
شوقەکە، ئۆتۆمبێلێک لە شەقامی وەحدە کراوەتە ئامانج کە لە شوێنی ڕووداوەکە
دوورکەوتبووەوە، ئەمەش بەمەبەستی دڵنیابوون لە کوشتنی حەداد و یاوەرەکانی ئەگەر لە
هێرشی یەکەم ڕزگاریان بووبێت. بەهۆی ئەو دوو هێرشەوە لانی کەم حەوت فەلەستینی کوژراون
و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش برینداربوون.
تیرۆرکردنی ئەو
فەرماندەیەی قەسام لە کاتێکدایە، بزووتنەوەی حەماس لە قۆناغی کۆتایی هەڵبژاردنی
سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەدایە. عیزەدین حەداد بە دیارترین کەسایەتیی
کەتیبەکانی قەسام لەناو غەززە هەژمار دەکرا، بەتایبەت دوای کوژرانی سەرکردەکانی
وەک محەممەد زەیف، محەممەد سنوار و مەڕوان عیسا. لە ماوەی جەنگی غەززەشدا دوو لە
کوڕەکانی و زاوایەکی کە پاسەوانی تایبەتی بووە لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژرابوون.
270 جار خوێندراوەتەوە