دامەزراوەی
دارایی "کەپیتاڵ ئیکۆنۆمیکس"ـی بەریتانی پێشبینی دەکات، بەهۆی گرژییەکان
و تێکچوونی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، لە ساڵی 2027 نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە 150
دۆلار.
بەپێی ئاژانسی
ڕۆیتەرز، دامەزراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا دوو سیناریۆی بۆ قەیرانی وزە لە جیهاندا
خستووەتەڕوو، ئەوەش لە پاش هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران و
دروستبوونی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز. لە سیناریۆی یەکەمدا، پێشبینی دەکرێت لێشاوی
وزە بەمزوانە دەستپێبکاتەوە و نرخی نەوت کە ڕەنگە تا سنووری 130 دۆلار
بەرزببێتەوە، بە تێپەڕبوونی کات قۆناغ بە قۆناغ دابەزێت.
لە سیناریۆی
دووەمدا، مەزەندە دەکرێت تا ساڵی 2027 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بگاتە نزیکەی 150
دۆلار، بەم بەرزبوونەوەیەش پێوەرەکانی هەڵاوسان لە نیوەی دووەمی ئەو ساڵەدا بە
تێکڕا نزیکەی 2.5٪ بەرزدەبێتەوە.
لەلایەکی
دیکەوە، دوابەدوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دژی ئێران، نرخی
نەوت زیاتر لە 3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 109.29 دۆلار بۆ هەر
بەرمیلێک. هاوکات، ئامارەکان دەریدەخەن کە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمەریکیش
بەڕێژەی 3.7٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 104.88 دۆلار.
پێشتریش گۆڤاری
"ئیکۆنۆمیست"ـی ئابووری لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە گەورەترین شۆکی
خستنەڕووی نەوت لە مێژوودا و وەستانی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئێران و ئەمەریکا،
هۆشداری دابوو کە ئارامیی ئێستای بازاڕەکانی نەوت هەڵخەڵەتێنەرە و ئەگەری
بەرزبوونەوەی خێرا و کۆنترۆڵنەکراوی نرخی نەوت لە هەفتەکانی داهاتوودا زۆرە.
بەگوێرەی
ڕاپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیست، دوو هۆکاری کاتیی کە بریتین لە ئاستی پێوانەیی هەناردەی
نەوتی ئەمەریکا و کەمبوونەوەی هاوردەی چین، بوونەتە هۆی دروستبوونی ئارامییەکی
هەڵخەڵەتێنەر لە بازاڕدا، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن ئەگەر گەرووی هورمز بە
داخراوی بمێنێتەوە، یەدەگە ستراتیژییەکانی نەوتی ئەمەریکا و چینیش لە کۆتاییدا
خاڵی دەبن و ئەوکات نرخی نەوت بە شێوەیەکی توند و کۆنترۆڵنەکراو بەرز دەبێتەوە.
52 جار خوێندراوەتەوە