وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانە سروشتییەکان توندتر دەکات و دەسەڵاتی تەواو دەداتە پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆ، قائیمقامیەت و ناحیەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرپێچیکاران
بەپێی فەرمانێکی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە ڕێککەوتی (13ی 5ی 2026) دەرچووە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لێژنەی تایبەت بە ڕێگریکردن و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، کە راستەوخۆ بە پارێزگار و سەرپەرشتیارەکانەوە دەبەسترێنەوە
لێژنەکان لە نوێنەری پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی دارستان، وەزارەتەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ پێکدێن و ئەرکیان پاراستنی موڵکی دەوڵەت، دارستان، حەرەمی شەقام، بەنداو و ڕووبارەکانە
فەرمانە نوێیەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لێژنەکان دەسەڵاتی تەواوی بەدواداچوون و ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە زێدەڕۆییەکیان هەیە. بەپێی ڕێکارەکان، زێدەڕۆکار 24 کاتژمێری لەبەردەمدایە بۆ لابردنی سەرپێچییەکە؛ لە حاڵەتی پابەندنەبووندا، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بەپێی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2018 ، تا زێدەڕۆییەکە دانەماڵێت بە بڕیاری دادوەر دەستگیر دەکرێت و بە کەفالەت ئازاد ناکرێت
هەروەها تێچووی لابردنی زێدەڕۆییەکە دەبێت لەسەر خەرجی کەسی سەرپێچیکار بێت
لە کۆتایی فەرمانەکەدا هۆشداری دراوەتە فەرمانبەران و بەرپرسانی دامەزراوەکانی حکومەت کە هەر جۆرە کەمتەرخەمی، ئاسانکاری یان چاوپۆشییەک لە زێدەڕۆیی بکەن، ڕێکاری یاسایی توندیان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
332 جار خوێندراوەتەوە