مەزڵوم عەبدی،
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، سەرقاڵی
ئامادەکارین بۆ سەردانیکردنی ئەنقەرە و ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان
هەیە، هاوکات ئاشکرایکرد کە ئامانجی سەرەکییان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵبوونە
لەگەڵ دیمەشق و دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسەیەش هەسەدە هەڵدەوەشێتەوە.
لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر)، مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد،
پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەناو
دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا بەردەوامە، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە
کوردییەکان. وتیشی: "بەپێی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ دیمەشق، هێزەکانی ئاسایش کە
ژمارەیان نزیکەی 15 هەزار کارمەندە، لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان دەمێننەوە و
دەخرێنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا، هەروەها پێویستە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی
ئەو ناوچانەش بەدەست دانیشتووانە ناوخۆییەکانییەوە بێت."
فەرماندەی
هەسەدە باسی لەوەشکرد کە چەند پۆستێکیان ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن دیمەشقەوە
پێشنیار کرابوون، ئەوەش لەپێناو تەرکیزکردنە سەر تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵبوون و
بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد. ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانی سوریای دیموکرات تا
کۆتاییهاتنی پرۆسەی تێکەڵبوونەکە دەمێننەوە و دواتر بەتەواوی هەڵدەوەشێنرێنەوە.
سەبارەت بە مووچە و داهاتیش، ئەو هێزانەی تێکەڵ کراون مووچەکانیان لە حکومەتی
سوریاوە وەردەگرن، لەکاتێکدا بەڕێوەبەریی خۆسەر هێزەکانی دیکە لە ڕێگەی
ڕسوماتەکانی سنوور، باج و بەشێک لە داهاتی نەوتەوە پارەدار دەکات.
سەبارەت بە
پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، عەبدی ڕایگەیاند کە
پەیوەندییەکانیان چڕکراوەتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی تێکەڵبوون، لەگەڵ ئەگەری
نوێکردنەوەی بانگهێشتنامەکەی بۆ سەردانیکردنی ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر دوای
تەواوکردنی ڕێککەوتنەکان. لە کۆتاییشدا ئاشکرایکرد کە ڕێککەوتن کراوە بۆ دووبارە
کردنەوەی دەروازەی نسێبین کە بەهۆی ڕووداوێکی حەسەکەوە دواخرابوو، و بڕیارە بەم
نزیکانە بکرێتەوە.
1149 جار خوێندراوەتەوە