بۆ ئەم مانگە 762 هەزار کەس بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن

KNN : Kurdish News Network
10:57 - 13/05/2026
ئابوری
+
-

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئایاری 2026، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان (چوار) بەشێوەی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

 

بەپێی خشتەی ڕاگەیەندراو، دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی 13، 14 و 16ی ئایار بەردەوام دەبێت و سەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوە، کە پێکهاتوون لە 357 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 218 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، 168 هەزار خانەنشین و 19 هەزار لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان.

 

ئامارەکانی پڕۆژەی "هەژماری من" ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا زیاتر لە 900 هەزار سوودمەند ناویان تۆمارکراوە و 800 هەزار کارت دابەشکراوە. لەم مانگەدا، 762 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییەوە مووچەکانیان وەردەگرن، کە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ژمارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافیی مووچەخۆرانی سوودمەند لە سیستەمی دیجیتاڵی، پارێزگای هەولێر بە 364 هەزار و 800 مووچەخۆر لە پلەی یەکەمدایە، پاشان سلێمانی بە 208 هەزار و 200، دهۆک بە 179 هەزار و هەڵەبجەش بە 10 هەزار و 410 مووچەخۆر دێن. هەروەها بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران، 600 ئامێری ATM لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز جێگیرکراون.

67 جار خوێندراوەتەوە