حکومەتی هەرێم سزای سەرپێچییە ژینگەییەکانی بۆ هەشت ملیۆن دینار بەرزکردەوە

KNN : Kurdish News Network
07:05 - 12/05/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی ناوخۆ زنجیرەیەک بڕیاری نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگری لە زێدەڕۆیی دەردەکات

 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ سێشەممە، کۆمەڵێک ڕێکاری توندی بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان ڕاگەیاند، کە بەپێی بڕیارەکان سزا داراییەکان بۆ سەرپێچیکاران دەگاتە هەشت ملیۆن دینار و تیمە گەڕۆکەکان لە ناوچە گەشتیارییەکاندا دەسەڵاتی سەپاندنی سزای ڕاستەوخۆیان پێدراوە

 

وەزارەت جەختی لە چالاککردنەوەی "ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە" کردووەتەوە و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە کار لەسەر کەمکردنەوەی ماددە نایلۆنییەکان بکەن و هانی بەکارهێنانی کاغەز و شووشە بدەن

 

 

هاوکات فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سەرپشک کراون کە سزای دارایی تا بڕی (8.000.000)

هەشت ملیۆن دینار بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنن کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن، لە ئەگەرێکیشدا ئەگەر قەبارەی سەرپێچییەکە گەورەتر بوو، دۆسیەکە ڕەوانەی دەستەی ژینگە دەکرێت بۆ بڕیاری کۆتایی

 

لە بەشێکی تری ڕێکارەکاندا هاتووە، تیمە گەڕۆکەکان کە لە نوێنەرانی پۆلیس و ئاسایش و ژینگە پێکدێن، لە شوێنە گەشتیارییەکاندا چاودێری وردی هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکەن و هەر جۆرە شێواندنێکی سروشت ڕووبەڕووی سزای دارایی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە

 

 

هەروەها وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری داوەتە جوتیاران کە سووتاندنی پەرێز و پاشماوەی دروێنە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە. بڕیاریش دراوە لێژنەی تایبەتمەند بۆ ڕێگری لە زێدەڕۆیی سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانە ئاوییەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان پێکبهێنرێت.


92 جار خوێندراوەتەوە