شارەزایەکی
کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دروستبوونی دۆخێکی ناجێگیر لە بەرگەهەوادا، شەپۆلێکی
هەورەبرووسکە و بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینیش
دەکرێت تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت، هاوکات پلەکانی گەرماش بە بەرزی
دەمێننەوە.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتەکانی بەرەبەیانی
ئەمڕۆوە حاڵەتێکی ناجێگیری کەشوهەوا دروستبووە کە بووەتە هۆی دروستبوونی
هەورەبرووسکەی بەهێزی بنکە بەرز، کە زۆرجار بارانیان کەمە و تەنیا نمەبارانیان لێ
دەکەوێتەوە، هەرچەندە لە هەندێک شوێنیشدا ئەگەری هەیە ڕێژەی بارانەکە زیاتر بێت.
ڕوونیشیکردووەتەوە کە ئەم دۆخە تاوەکو کاتەکانی ئێوارە ناوبەناو لە کات و شوێنی
جیاوازدا بەردەوام دەبێت و دواتر کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە.
سەبارەت بە
کەشوهەوای سبەینێ چوارشەممە (13ی ئایاری 2026)، ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی
دەکات کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر بێت، تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری
ئیدارەی سۆران و بادینان نەبێت کە ئەگەری هەیە لە دوانیوەڕۆدا بۆ ماوەیەکی کورت
تاوەباران و هەورەبرووسکە دروست ببێتەوە.
سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، جەختی لەوە
کردووەتەوە کە جێگیر دەبن و کاریگەریی ئەو بارستە هەوا گەرمەی ڕووی لە ناوچەکە
کردووە تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.
731 جار خوێندراوەتەوە