وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک بڕیاری نوێیان بۆ پاراستنی ژینگە و سامانی سرووشتی دەرکرد و سووتاندنی پەرێزی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کرد
ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری ناوخۆ و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، جەخت لەسەر توندکردنەوەی ڕێکارەکان دژی زێدەڕۆیی بۆ سەر دارستانەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوەکانی ئاو کرایەوە
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا جووتیاران لە دوای وەرزی دروێنە بۆیان نەبێت پەرێز و کڵۆشی زەوییەکانیان بسووتێنن، ئەمەش بەهۆی ئەو زیانە گەورانەی بە خاک و زیندەوەرانی دەگەیەنێت و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکات
هاوکات بڕیاردراوە ژمارەی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لیژنەکانی پاراستنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاد بکرێت و پۆلیسی دارستان و ژینگەش وەک یەک تیم لەگەڵ فەرمانگەکانی کشتوکاڵ کار بکەن
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ فەرمانی کردووە ئەم بڕیارانە گشتاندنیان بۆ بکرێت و ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
160 جار خوێندراوەتەوە