شارەزایەکی
بواری کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و
ڕایدەگەیەنێت، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە گۆڕانکاریی بەرچاو ڕوودەدات و شەپۆلێکی
فێنک، بارانبارین و خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەمەش پلەکانی
گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.
ئاراس جەبار،
شارەزای بواری کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ڕەوشی کەشوهەوا ئاشکرایکرد،
لە ڕۆژانی 12 و 13ی ئەم مانگەدا، بەهۆی هاتنی هەوایەکی
گەرم لە باشوورەوە و تێکەڵبوونی لەگەڵ حەوزێکی ساردی سەرەوە، ئەگەری دروستبوونی
هەورەبرووسکەی وشک یان نمەباران لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا هەیە. ئاماژەی
بەوەشکردووە کە لەو دوو ڕۆژەدا کەشێکی گەرم باڵادەست دەبێت و تا کۆتایی ئەم
هەفتەیە دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە
قۆناغی دووەمی گۆڕانکارییەکان، ئەو کەشناسە ڕوونیکردووەتەوە، لە سەرەتای هەفتەی
داهاتوو و لە 16ی مانگەوە، بارستە هەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە ڕوو لە
ناوچەکە دەکات. لەم قۆناغەدا پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و کەشوهەوا ناسەقامگیر
دەبێت، کە ئەگەری دروستبوونی تاوەبارانی مامناوەند و هەورەبرووسکەی چالاکی
لێدەکەوێتەوە و لە هەندێک شوێنیش بڕی بارانەکە زیاتر دەبێت.
لە بەشێکی
دیکەی پێشبینییەکانیدا هۆشداری داوە لە دروستبوونی خۆڵبارین لەگەڵ شەپۆلە
فێنکەکەدا و دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی هەواکە ساردە و پێشتر ناوچەکە گەرم بووە،
تێپەڕبوونی ئەو بارستە هەوایە بەسەر ڕووە گەرمەکاندا دەبێتە هۆی خێرابوونی با و
بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە بە ئاراستەی ناوچەکانمان."
لە کۆتاییدا
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوە کردووە، قۆناغی سێیەمی گۆڕانکارییەکان لە 20ی
مانگەوە دەست پێدەکات بە هاتنی بارستە هەوایەکی دیکەی فێنک، کە بە هەمان شێوە
خۆڵبارین، باران و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمای لەگەڵدا دەبێت. جەختی لەوەش
کردووەتەوە کە بەگشتی لە نێوان ڕۆژانی 16 بۆ 23ی ئەم مانگە، کەشوهەوا بۆ ئەم کاتەی
ساڵ فێنکتر دەبێت لە ئاسایی.
2200 جار خوێندراوەتەوە