شەپۆلێکی گەرما
ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و شارەزایەکی کەشناسیش هۆشداری دەدات لە دروستبوونی
هەورەبرووسکەی وشک، کە مەترسیی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچە جیاوازەکان دروست دەکات.
ئاراس جەبار،
شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، بەهۆی لاوازبوونی کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆ
لەسەر ناوچەکان و چالاکبوونی نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای سوورەوە، لە سبەینێ
یەکشەممەوە (10ی ئایاری 2026) پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوەیەکی زیاتر دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕۆژی دووشەممەوە
کاریگەریی ئەو بارستەهەوا گەرمە زیاتر دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی
کوردستان پلەکانی گەرما بۆ سەروو 30 پلەی سەدی بەرز دەبنەوە، هاوکات لە سنووری
پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان نزیک دەبنەوە لە 40 پلەی سەدی و کەشێکی گەرمی
هاوینە دەست پێدەکات.
سەبارەت بە
گۆڕانکارییەکانی دیکەی کەشوهەوا، ئەو شارەزایە ڕوونیکردووەتەوە، بەهۆی هاتنی
بارستەهەوایەکی سارد بۆ چینە بەرزەکانی بەرگەهەوا، ئەگەر هەیە لە ڕۆژانی سێشەممە و
چوارشەممەدا حاڵەتێکی ناجێگیریی کەشوهەوا بە لاوازی دروست ببێت. بەو هۆیەوە
هەورەبرووسکەی بنکەبەرزی وشک چالاک دەبێت و ئەگەری نمەبارانێکی کەم هەیە.
هۆشداریشی داوە کە ئەو هەورەبرووسکانە وشک دەبن، ئەمەش مەترسی دروست دەکات لە کاتی
بەرکەوتنیان بەو ناوچانەی گژوگیایان تێدا زەرد بووە و دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر،
پێشبینیش دەکرێت کاریگەریی ئەم بارستەهەوا گەرمە تا کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت.
349 جار خوێندراوەتەوە