بەهۆی هاوکاریکردنی ئێرانەوە ئەمریکا سزا بەسەر چیندا دەسەپێنێت

KNN : Kurdish News Network
10:58 - 09/05/2026
جیهان
+
-

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر چەند قەوارەیەکی چینی و نێودەوڵەتیدا ڕاگەیاند بەهۆی هاوکاریکردنی ئێران لە بواری موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هاوکات هۆشداریشی دایە هەر لایەنێک کە پێشێلی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.

 

لە لێدوانێکدا ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، سزاکانیان ئەو قەوارە چینییانەی گرتووەتەوە کە وێنەی مانگە دەستکردەکانیان داوەتە ئێران و بەهۆیەوە پشتیوانی هێرشەکانی ئەو وڵاتەیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

 

ڕوونیشیکردەوە، سزاکان تۆڕەکانی پڕچەککردنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات و ئەو قەوارە نێودەوڵەتییانەشی کردووەتە ئامانج کە کەرەستەی خاویان بۆ بەرنامەکانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سوپای ئەو وڵاتە دابین کردووە.

 

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووشیان، ڕۆبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە سزا تاکلایەنەکانیان بەکاردەهێنن بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە هەر لایەنێک کە پێشێلی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئێران بکات.

 

 وتیشی: "هەموو ئامرازە بەردەستەکانمان بەکاردەهێنین بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە دووبارە بونیادنانەوەی بەرنامە هەستیارەکانی کە پەیوەستن بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییەوە."

209 جار خوێندراوەتەوە