ئەمریکا و
ئێران لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی فەرمی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبوونەتەوە و
واشنتنیش چاوەڕوانی وەڵامی تاران دەکات لەبارەی چەند خاڵێکی سەرەکی، کە بڕیارە لە
ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە.
بەپێی
زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئاگادارەوە،
هەردوو وڵات لە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی "یەک لاپەڕەیی"
نزیکبوونەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی کۆتاییهێنانە بە بارودۆخی جەنگی نێوانیان.
ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە چەند پابەندییەک بۆ
هەردوو لایەن لەخۆدەگرێت، بە جۆرێک تاران پابەند دەبێت بە ڕاگرتنی پرۆسەی پیتاندنی
یۆرانیۆم و لە بەرامبەریشدا واشنتن ملیاران دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد
دەکات.
بە گوێرەی بڕگەیەکی رێککەوتنەکە ئێران گەرووی هورمز دەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆی دەریایی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت.
هەر بەپێی
زانیارییەکان، ئیدارەی ئەمریکا چاوەڕوان دەکات لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئێران
وەڵامی کۆتایی خۆی لەسەر چەند خاڵێکی جەوهەری بداتەوە، کە دەبنە بنەمای ڕاگەیاندنی
فەرمیی ڕێککەوتنەکە و وەستاندنی جەنگ لە ناوچەکەدا.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن، گریمانەی دەستپێکردنەوەی شەڕ بەهێز دەبێتەوە.
340 جار خوێندراوەتەوە