وەزیری دەرەوەی
چین لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە
بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و جەختی لەوەش
کردەوە کە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تەواوەتی کارێکی بنەڕەتی و پێویستە. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، تەنیا
رێککەوتنێکی هەمەلایەنە و دادپەروەرانە قبوڵ دەکەن.
وانگ یی وەزیری
دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەش کرد، ناوچەکە لە وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەدایە و
ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان لایەنەکان بە پێویست دەزانێت، هاوکات
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە "نایاسایی" وەسف کرد.
لای خۆشییەوە،
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ستایشی هەڵوێستی توندی چینی کرد لە ئاست
شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕایگەیاند، چین دۆستێکی نزیکی
ئێرانە و لەژێر سایەی بارودۆخی ئێستادا هەماهەنگییەکانی نێوانیان بەهێزتر دەبێت.
عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە، ئەو شەڕەی
بەسەریاندا سەپێندراوە"دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکارییەکی ڕەهای یاسا
نێودەوڵەتییەکانە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی لە دانوستانەکاندا هەموو
هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی و تەنها ڕێککەوتنێکی
دادپەروەر و گشتگیر قبوڵ دەکەن.
220 جار خوێندراوەتەوە