تەڤگەری ئاپۆیی: دەبێت دەستبەجێ تورکیا هەنگاوی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی بنێت

KNN : Kurdish News Network
10:35 - 05/05/2026
کوردستان
+
-

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ساڵیادی بەستنی کۆنگرەی دوانزەیەمینی پەکەکەدا، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد و ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەوان خەباتی چەکدارییان دژی تورکیا ڕاگرتووە و هێزەکانیان کشاندووەتەوە، بەڵام تائێستا ئەنقەرە هیچ هەنگاوێکی یاسایی و سیاسیی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەناوە، جەختیش دەکاتەوە کە چارەسەریی پرسەکە بەبێ دیاریکردنی پێگەی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەحاڵە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەریەک لە مستەفا قەرەسوو و سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، ساڵێک بەسەر بڕیارەکانی کۆتاییهێنان بە چالاکییە چەکدارییەکانی پەکەکە دژی تورکیا تێپەڕیوە کە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا نەیتوانیوە وەڵامێکی ئەرێنی و کرداریی بۆ ئەو بانگەوازە هەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دوای بانگەوازەکەی ڕۆژی 27ی شوباتی 2025، بێ دوودڵی بڕیارمان دا کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنین و بۆ نیشاندانی نیازپاکی، چەکی بەشێک لە گەریلاکانمان سووتاند و هێزەکانمان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا کشاندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە سەنگەرەکانمان چۆڵکرد بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان، تەنانەت ئەو ئەندامانەی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کە لامان دیل بوون، ڕادەستمان کردنەوە."
کەجەکە ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی تورکیا و لیژنەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەگرێت و دەڵێت، ئەو لیژنەیە تەنها یەک جار سەردانی ئیمرالی کردووە و ڕاسپاردەکانیشی جێبەجێ نەکراون. هاوکات بەرپرسانی ئاکەپە و ڕاگەیاندنەکانی تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەبری ئامادەکردنی کۆمەڵگە بۆ ئاشتی، کار بۆ دروستکردنی فەزایەکی نەرێنی دەکەن، بەوەش ڕێگرن لە دروستبوونی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەکە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کەجەکە مەرجی سەرەکیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دیاریکردووە و جەخت دەکاتەوە: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان دانوستانکاری سەرەکییە، دەبێت بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پێگەی سیاسی و یاسایی دیاری بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە بارودۆخێکی ئازاددا کار بکات، چونکە بەبێ ئەم هەنگاوە یاساییانە و تەنها بە لێدوانی بەرپرسانی ئاکەپە پرۆسەکە ناگاتە ئەنجام."

168 جار خوێندراوەتەوە