وەزارەتی
ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە
دراوە ئەلیکترۆنییەکانی وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس، و هۆشداریش
دەداتە هاووڵاتییان کە هەر لایەنێک لەو بوارەدا کار بکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی
یاسایی و داخستن دەبێتەوە.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە لەبەر ڕۆشنایی
ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان
دەرچووە و هۆکاری بڕیارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و
بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بپارێزێت، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە تا ئێستا
هیچ کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان و عێراق مۆڵەتی فەرمیی بۆ کارکردن لەو
بوارانەدا پێنەدراوە.
وەزارەتەکە
ئاشکراشی کردووە، هەر کەس و گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا کار بکات، شوێنەکەی
دادەخرێت.
هاوکات داوا لە
هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەو جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە و
ڕێنماییشیان دەکات کە هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە، با هەوڵی
وەرگرتنەوەی بدات.
202 جار خوێندراوەتەوە