حزبی دەعوە: نوری مالیکی کاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پاشەکشەی نەکردووە
حزبی دەعوەی ئیسلامی، ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی 4ی 2026، جەختی لەسەر مانەوەی نوری مالیکی، ئەمینداری گشتی حزبەکە وەک کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی داهاتوو کردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ گۆڕینی ناوبراو لە ئارادا نییە
حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە : سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، دوپاتی دەکەینەوە کە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکایەتی وەزیران نوری مالیکییە؛ ئەم کاندیدکردنە وەک خۆی ماوەتەوە کە پێشتر لە 24ی 12 بە فەرمی ڕاگەیەندراوە و تا ئەم ساتە نەکشاوەتەوە
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە، مالیکی دەستبەرداری کاندیدبوونی خۆی نەبووە و بڕیاری کشانەوەی تەنها لە دەسەڵاتی "چوارچێوەی هەماهەنگی"دایە، چونکە ئەو لایەنە بە زۆرینەی دەنگ کاندیدی کردووە، هەربۆیە هەر گۆڕانکارییەک لەو بڕیارەدا دەبێت بە هەمان میکانیزمی کاندیدکردنەکەی بێت
حزبی دەعوە ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن مالیکی کەسێکی تری وەک جێگرەوەی خۆی کاندید کردبێت و ڕایگەیاند: "جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە نێوان ئەوەی مالیکی خۆی ناوی کەسێک پێشنیاز بکات، یان ئەوەی پابەندی بڕیار و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بێت
41 جار خوێندراوەتەوە