کەشناسی هەرێم هۆشداری لە ناسەقامگیربوونی کەشوهەوا دەدات و پێشبینی بارانی لێزمە و تەزرە دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی باران بارین و ناسەقامگیری زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە باران بارین لە ناوچە شاخاوییەکان و سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆوە دەست پێ دەکات و پاشان کاریگەرییەکەی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵات و باشووری هەرێم درێژ دەبێتەوە
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە شێوازی دابارینەکە مامناوەند و لێزمە بارانی پچڕپچڕ دەبێت، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ هەورە تریشقە و لە هەندێک ناوچەی شاخاوی کە بەرزییان لە هەزار مەتر زیاترە، ئەگەری تەزرە بارین هەیە. هەروەها خێرایی با بە بەرزی دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرماش چەند پلەیەک ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن، بە جۆرێک لە لووتکەی چیا بەرزە سنوورییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە
بۆ سبەی دووشەممە، پێشبینی دەکرێت ئاسمانی هەرێم بە نیمچە هەوری بمێنێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەوری زیاتر بێت. ئەگەری نمە بارانی کەم بۆ سەنتەری پارێزگاکان و بارانی بەهاری بەشێوەی گەواڵە باران لە ناوچە جیاجیاکان لە ئارادایە، هاوکات خێرایی با بەردەوام دەبێت لە زیادبوون و پلەکانی گەرما کەمێکی دیکە نزم دەبنەوە.
29 جار خوێندراوەتەوە