بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێشخەرییەک بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان دەستپێدەکات

KNN : Kurdish News Network
03:12 - 05/04/2026
کوردستان
+
-

بزووتنەوەی گۆڕان زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردوە و رایدەگەیەنێت، ئامانجیان لەم قۆناغەدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان و پاراستنی مووچەی فەرمانبەرانە لە کێشە سیاسییەکان.

 

ئەمڕۆ شەممە شاندێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان، لە چوارچێوەی گەڕێکی نوێی سەردانەکانیدا، سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد.

 

چۆمان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی لە 16ی 2 لە شاری کەرکوک و هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ، گۆڕان بڕیاریداوە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە سیاسییەکان هەڵبداتەوە و کار بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نالەبارە بکات کە ڕووی لە ناوچەکە کردووە.

 

ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و ئەگەری هەیە تیشکی ململانێی نێوان وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەتایبەت ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بە سیاسەتێکی حەکیمانە کار بکەن بۆ ئەوەی هەرێم لەم شەڕە بەدوور بگرن.

 

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و بژێوی هاووڵاتییان، چۆمان محەمەد ڕایگەیاند: "پێویستە کار بۆ بەهێزکردنەوە و کاراکردنەوەی حکومەت و پەرلەمان بکرێت. هاوکات لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا و حکومەتی فیدراڵیش لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەران بکرێتە ئەولەویەت و بە هیچ شێوەیەک ململانێی حیزبەکان نەبێتە ڕێگر لەبەردەم شایستە داراییەکانی خەڵک."

 

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەکە، دووپاتی کردەوە کە "گۆڕان ئێستا یەک گۆڕانە" و لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە تەنها یەک سەرکردایەتی هەیە کە لە کۆنفرانسی نیشتمانیی کەرکوکەوە شەرعیەتی وەرگرتووە و دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە ئەرکەکان ڕادەپەڕێنێت.

43 جار خوێندراوەتەوە