ئومێد خۆشناو هەر بریکارێک غاز بە گرانتر لە نرخی حکومی بفرۆشێت سزای توندی یاسایی دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
01:19 - 05/04/2026
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری سووتەمەنی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرفتەکانی غازی ماڵان و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی دابەشکردنی بەڕێوەچوو


لە کۆبوونەوەکەدا  تیشک خرایە سەر پڕۆسەی دابەشکردنی غاز لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە. ئامانجی ئەم هەنگاوە نوێیە ڕێکخستنەوەی بازاڕ، ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوەیە لە گەیشتنی پشکی مانگانەی غاز بە یەکسانی و بە نرخی حکومی بۆ سەرجەم ماڵان لە گەڕەکەکانی خۆیاندا


پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کار لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکرێت بۆ زیادکردنی پشکی ڕۆژانەی غازی شلی پارێزگاکە و خێراکردنی پڕۆسەی گەیاندنی بۆ کارگەکان، بەتایبەت کە لە ئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی غازەوە قەیران دروستبووە


جەختیشی کردەوە کە ڕێگە بە هیچ جۆرە گرانکردنی نرخێک نادرێت و هەر کارگە یان بریکارێک غاز لە دەرەوەی نرخی دیاریکراو بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە


لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا ئاسانکاری تەواو بۆ ئەو خێزانانە بکرێت کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و هێشتا مامەڵەی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراکیان تەواو نەکردووە، لەگەڵ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو هاوڵاتییانەی نیشتەجێی سنووری ناوچە جێناکۆکەکانن (ماددەی 140)، تاوەکو بتوانن بەبێ گرفت سوودمەند بن لە وەرگرتنی سووتەمەنی.

251 جار خوێندراوەتەوە