دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، بارەگای لیوای 14ی سەر بە هێزەکانیان لە پارێزگای نەینەوا، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە دووجار بۆردومان کراوە
ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، فەوجی چواری سەر بە لیوای 14 لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ڕووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بووەتەوە
حەشدی شەعبی هێرشەکەی وەک "دەستدرێژییەکی ناپاکانەی زایۆنی-ئەمریکی" وەسف کردووە و دەڵێت ئەمە بەشێکە لە زنجیرە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر بارەگاکانیان
سەبارەت بە کاتی هێرشەکان، بەیاننامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە هێرشی یەکەم کاتژمێر 7:50 خولەکی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ئەنجامدراوە، پاشان کاتژمێر 5:20 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ جاری دووەم هەمان شوێن کراوەتەوە ئامانج
دەستەی حەشدی شەعبی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هێرشەکان تەنها زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لە ڕیزەکانیاندا نەبووە.
38 جار خوێندراوەتەوە