ئەمریکا هۆشداریی بەپەلە دەداتە هاوڵاتییانی بە زووترین کات عێراق جێبهێڵن

KNN : Kurdish News Network
09:27 - 02/04/2026
جیهان
+
-

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغداد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی 4ی 2026 ، هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە تەواوی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بە زووترین کات و بەبێ دواکەوتن خاکی عێراق جێبهێڵن، ئەمەش دوای هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران

 

باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئێران و گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکانی دۆستی، بەنیازی بە ئامانجگرتنی ئەو دامەزراوە پەروەردەییانەن کە پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەیە"

 ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەڕەشەکان بەردەوامن و مەترسیی لەسەر هاوڵاتییانی ئەمریکی، بنکە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکان، ژێرخانەکانی وزە، فڕۆکەخانە بازرگانییەکان و ئەو هۆتێلانە هەیە کە بیانییەکان ڕوویان تێدەکەن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە گەشتکردن بۆ عێراق لە ئاستی چوارەمدایە (گەشتی بۆ مەکە)، چونکە مانەوەی ئەمریکییەکان لەم دۆخەدا مەترسیی گەورەی وەک ڕفاندن و بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی لێدەکرێت

باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە بەهۆی بەردەوامیی مەترسیی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ناتوانن لە ناو باڵیۆزخانە لە بەغداد یان کونسوڵخانە لە هەولێر پێشوازی لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەیان بکەن

بەهۆی داخرانی ئاسمانی عێراق و ڕاگرتنی گەشتە بازرگانییەکان، باڵیۆزخانەکە داوای لە هاوڵاتییانی کردووە ڕێگەی وشکانی بەرەو وڵاتانی (ئوردن، کوێت، سعودیە، یان تورکیا) بگرنەبەر و تەواوی خزمەتگوزارییە ڕۆتینییەکانی وەک پێدانی ڤیزای ڕاگرتووە

ئەم پەرەسەندنە توندە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی جەنگێکی کراوە بووەتەوە لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هێرشی یەک لەدوای یەک بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران کە بووەتە هۆی پچڕانی تەواوەتی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.


30 جار خوێندراوەتەوە