بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی بە هەوری دەمێنێتەوە و لە هەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور
بەپێی پێشبینییەکان شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام جۆرێک لە ناجێگیری لە کەشوهەوادا دەمێنێتەوە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان کە ئەگەری بارانبارین و هەورەبرووسکەی کەمیان لێ دەکرێت
هەروەها دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئەگەری نمەبارانی کورتخایەن هەیە، پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن
بۆ سبەی چوارشەممە، پێشبینی دەکرێت ئاسمانی هەرێم بە گشتی نیمچە هەور بێت و کەشێکی بەهاری ناوچەکە بگرێتەوە، تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمەباران دەمێنێتەوە. خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و مەودای بینینیش لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا جێگیر دەبێت. بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو لە گەرمیان 22 پلە و نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران 8 پلەی سیلیزی دەبێت.
520 جار خوێندراوەتەوە