سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بارانبارین لەمساڵدا، پێشبینی ناکرێت بەنداوی دوکان بەتەواوی پڕبێت، هۆکارە سەرەکییەکەشی بۆ کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە ساڵی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە
بەپێی ئامارەکان کە بە دەست KNN گەشتوە ، تا ئێستا ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیار مەتر سێجا و بەرزیی ئاوەکە نزیک دەبێتەوە لە 500 مەتر
بەنداوەکە لە ئاستی 511 مەتردا بەتەواوی پڕ دەبێت ، بۆ ئەوەش پێویستی بە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی دیکە هەیە ، بەڵام پێشبینی ناکرێت لەم دوو مانگەی وەرزی بارانباریندا ئەو بڕە ئاوە کۆببێتەوە
بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە تا ئەم کاتە تەنها 182ملم باران لە سنوری بەنداوەکە باریبوو، ئەمساڵ ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ 803 ملم
هەرچەندە ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆر باران باریوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەپێی ئامارەکانی مانگی 10ـی ساڵی ڕابردوو، ئاوی ژێر زەوی بەڕێژەی 40٪ دابەزیبوو، زەوی بڕێکی زۆر لە ئاوەکەی هەڵمژیوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەنداوەکە پڕ نەبێت
بۆ نموونە، لە ساڵی 2019 دا کە بەنداوی دوکان بەتەواوی پڕبوو ، کۆی گشتیی بارانبارینی ئەو ساڵە 1317 ملم بوو، کە تا ڕۆژی 30ـی 3ی 2019 تەنها 1091 ملم باران باریبوو
لە لایەکی دیکەوە، ئاماری کۆی گشتیی بارانبارین تا ئەمڕۆ (30ـی 3) لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە، بە جۆرێک لە قەرەداغ 1600 ملم، لە چوارتا 1534ملم، لە پێنجوێن 1520ملم، لە یاخسەمەر 1500 ملم و لە بەرزنجە 1480ملم باران باریوە.
455 جار خوێندراوەتەوە