فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنوێنیی نوێی بۆ ڕووماڵکردنی ئەو شوێنە مەدەنییانە بڵاوکردەوە کە بەر هێرش و زیان کەوتوون
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەکە، ئامانج لەم هەنگاوە نیشاندانی وێنەیەکی پیشەییانەی ڕووداوەکانە بە جیهان ، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕە هەواڵییەکان دەکرێت کە دەیانەوێت ڕووماڵی مەیدانیی ئەو شوێنانە بکەن، پابەندی ڕێنوێنییەکان بن
لە ڕێکارە نوێیەکاندا هاتووە، پێویستە ئەو تیمە میدیاییانەی ئارەزووی ڕووماڵکردن دەکەن، ناوی تیمەکانیان لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری تۆمار بکەن و پێشوەختە ڕەزامەندیی فەرمی وەربگرن، تاوەکو بتوانن لە شوێنی ڕووداوەکان کارەکانیان ئەنجام بدەن
حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە لە پێناو بەدۆکیۆمێنتکردنی زیانە مرۆیی و ماددییەکانە بە شێوازێکی زانستی کە خزمەت بە دۆزی گەلی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بکات.
37 جار خوێندراوەتەوە