فایەق زێدان هۆشداری دەدات: بڕیاری تاکلایەنەی گروپە چەکدارەکان بۆ جەنگ، عێراق دەخاتە ژێر سزای نێودەوڵەتییەوە

KNN : Kurdish News Network
10:07 - 27/03/2026
عێراق
+
-

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئه‌مڕۆ هەینی، هۆشداریی توند لە "لێکەوتە مەترسیدارەکانی" بڕیاری تاکلایەنەی هەندێک لە گروپە چەکدارەکان بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەڵوێستانە پێشێلکردنی دەستوورن و دەوڵەت دەخەنە بەردەم مەترسیی سزای نێودەوڵەتی.


دادوەر فایەق زێدان لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ماددەی (٦١/ نۆیەم) لە دەستووری عێراق، ڕاگەیاندنی حاڵەتی جەنگ تەنها لە ڕێگەی میکانیزمێکی یاسایی ئاڵۆزەوە دەبێت کە هەردوو سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران تێیدا بەشدارن و پێویستی بە ڕەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە؛ بۆیە هەر هەنگاوێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی دیموکراسی و سەروەریی یاسا لە وڵاتدا.


سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەوڵی هەندێک لە گروپە چەکدارەکان بۆ قۆرخکردنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی، هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی کۆمەڵگە، کە دەرەنجامەکەی دروستبوونی پشێویی یاسایی و ئەمنییە. دەشڵێت: "بوونی چەندین ناوەندی بڕیاری سەربازی، وڵات بەرەو ململانێی ناوخۆیی و هەرێمی دەبات بێ ئەوەی کۆدەنگییەکی نیشتمانی لەسەر بێت."


لە ڕووی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە، زێدان باسی لەوە کردووە کە ئەم ڕەفتارانە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان پەراوێز دەخەن و متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت لاواز دەکەن، هاوکات هۆشداری دەدات کە بڕیارە نافەرمییەکانی جەنگ، دەوڵەتی عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و سزا دەکاتەوە.


لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دووپاتی کردەوە کە پێویستە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ڕۆڵی دامەزراوە دەستوورییەکان بەهێز بکرێت، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات پارێزراو بێت و دەوڵەتێکی بەهێز لەسەر بنەمای یاسا و شەرعییەت بونیاد بنرێت.

131 جار خوێندراوەتەوە