هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە

KNN : Kurdish News Network
08:41 - 18/03/2026
کوردستان
+
-

بەفەرمی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستیپێکردەوە و وەک قۆناغی یەکەمیش ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بەرهەمی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەمەش بووەتە هۆی کاراکردنەوەی یەکێک لە گرنگترین دەروازە ستراتیژییەکانی هەناردەکردن و بەهێزکردنی توانای عێراق لە فرۆشتنی نەوتدا.


لەو چوارچێوەیەدا و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور، وێستگەی ترەمپای (سارالۆ) کەوتەکار، ئەمەش وەک ڕاگەیاندنی دەستپێکردنەوەی فەرمیی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان بە توانایەکی سەرەتایی کە دەگاتە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە تەنها دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نییە، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکیی کێڵگەکانی کەرکووک لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و جێگیرکردنی بازاڕی نەوت دووپات دەکاتەوە، کە بە هەوڵی هاوبەش و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لەلایەن تیمە ناوخۆییەکانەوە بەدەستهاتووە.

28 جار خوێندراوەتەوە