ئیسرائیل دەستیکرد بە کردنەئامانجی ژێرخانی ئێران

KNN : Kurdish News Network
09:08 - 07/03/2026
جیهان
+
-

لە شەوی رابردووەوە ئیسرائیل دەەستیکردووە بە کردنە ئامانجی ژێرخانی مەدەنی ئێران و لەو چوارچێوەدا فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران بە چڕی بۆردومان کرا.

 

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٨٠ فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل، هێرشی چڕیان کردە سەر ژێرخانە سەربازییە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە. هێرشەکان چەندین بنکە و ناوەندی هەستیاریان کردووەتە ئامانج بە مەبەستی پەکخستنی تواناکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.


لەنێو ئامانجەکاندا، زانکۆی سەربازیی "ئیمام حوسێن"ی سەر بە سوپای پاسداران هەبووە، کە وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ مەشق و ڕاهێنانی ئەفسەرانی سوپای پاسداران و شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندەکان بەکاردەهێنرێت. هەروەها کۆگاکانی هەڵگرتنی مووشەکی بالیستی، ژێرخانی فەرماندەیی مووشەکی لەژێر زەوی، و ئەو شوێنانەی مووشەکیان لێوە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکرێت لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران، کراونەتە ئامانج و بە ته‌واوی پەکخراون.

هاوکات ئاماژەشیان بەوەکردووە، کە ئەمە سەرەتای کردنەئامانجی ژێرخانی مەدەنی دەسەڵاتی ئێرانە.

 

بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک فڕۆکەی مەدەنی لە ناو فڕۆکەخانەی مێهرئاباد، کە یەکێکە لە گەورەترین فڕۆکەخانەکانی ئێران.

 

شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بە چڕی بەردەوامبوون لە بۆردومانی تاران و لە چەندین شوێنی ئەو شارە تەقینەوەی گەورە روویانداوە.

 

لە 28ی شوباتەوە، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیان پێکردووە و لە یەکەم شەپۆلی هێرشەکاندا عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئەو وڵاتە و ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی کوژران و لە بەرامبەریشدا تاران بە موشەک و درۆن هێرشی بۆ سەر 12 وڵات ئەنجام داوە.

194 جار خوێندراوەتەوە