هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی (HKN) لە دهۆک و بەرهەمهێنان ڕاگیرا

KNN : Kurdish News Network
01:40 - 06/03/2026
کوردستان
+
-

بەهۆی هێرشێکی "تیرۆریستی" بۆ سەر کێڵگەی نەوتی (HKN) لە پارێزگای دهۆک، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەدا بە تەواوی ڕاگیرا.


وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ شەوی ڕابردوو لەلایەن "گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە" هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی (HKN) لە ناحیەی سەرسەنگی سەر بە پارێزگای دهۆک، کە لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر کێڵگەکە کەوتووە و بووەتە هۆی پەکخستنی بەرهەمهێنان تێیدا.


وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکە، ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە بە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی ئابووری و سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. وەزارەتەکە ڕاشکاوانە بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنەی کە هێرشەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە ئەنجامدراوە و دەڵێت: "ئەم هێرشانە زیان بە داهاتی سەرجەم عێراق دەگەیەنن."


لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق کراوە کە ڕێگریی بکات لە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، ژێرخانی ئابووری و کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و سنوورێک بۆ ئەو گروپانە دابنێت.

390 جار خوێندراوەتەوە