سوپای عێراق لە کەرکوک دەستی بەسەر خانوی هاوڵاتییەکی کورددا گرت

KNN : Kurdish News Network
08:43 - 22/02/2026
کوردستان
+
-

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزێکی سوپای عێراق لە هەڵمەتێکی نوێدا بۆ سەر گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک، خانووی هاووڵاتییەکی کوردیان داگیرکرد و بە زۆرەملێ ئەندامانی خێزانەکەیان لە نێو ماڵەکەیاندا دەرکرد.


ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند ساڵێکە گوشارە سەربازییەکان بۆ سەر دانیشتووانی ئەم گەڕەکە بەردەوامییان هەیە و خەڵکەکەی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی چۆڵکردنی ماڵەکانیاندان.


مێژووی ئەم کێشەیە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە کە ئەم خانووانە بۆ ئەفسەرانی سوپا تەرخانکرابوون، بەڵام دوای ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەو هاووڵاتییە کوردانەی پێشتر بەهۆی پرۆسەی تەعریبەوە لە شارەکە دەرکرابوون، گەڕانەوە و لەم خانووانەدا نیشتەجێ بوون و تەنانەت بەشێکیان بە شێوەی یاسایی خانووەکانیان کڕیوەتەوە.

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە، سوپای عێراق بە پاساوی ئەوەی ئەم موڵکانە سەر بە وەزارەتی بەرگرین، فشارەکانی بۆ سەر خەڵکی گەڕەکی نەورۆز چڕکردووەتەوە و ماوە ماوە بە هێزی سەربازی هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکان، ئەمەش لای چاودێران و دانیشتووانی ناوچەکە وەک هەوڵێک بۆ ئاوارەکردنەوەی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک لێکدەدرێتەوە.

170 جار خوێندراوەتەوە