ڕاگەیەندراوی پەسەندکراوی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان

KNN : Kurdish News Network
08:01 - 17/02/2026
کوردستان
+
-

 بزوتنەوەی گۆڕان لاپەڕەیەکی نوێی لە خەباتی سیاسی هەڵدایەوە و بە سەرکەوتوویی کۆنفرانسی دامەزراندنی لەژێر چاودێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامدا.


ئەم کۆنفرانسە کە لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، بە وەرچەرخانێکی یاسایی و ڕێکخراوەیی گرنگ دادەنرێت، بەتایبەت دوای تێپەڕاندنی ساڵێک لە ئاستەنگە یاساییەکان و شکستی دوو کۆنفرانسی پێشوو کە بێ ئەنجام بوون. لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران و دەستوورێکی نوێی ڕێکخراوەییش پەسەندکرا، کە ئامانج لێی جێگیرکردنەوەی گۆڕانە وەک هێزێکی کاریگەری مەدەنی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا.


لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر پرەنسیپەکانی "خۆنوێکردنەوە" و "ئاشتەوایی ناوخۆیی" کردەوە، وەک هەوڵێک بۆ گەڕانەوەی ئومێد و متمانەی جەماوەرەکەی. بزوتنەوەکە بە ڕاشکاوی دەرگای بۆ ئەو هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازانەش واڵا کردووە کە پێشتر بەهۆی نیگەرانییەوە هۆڵی کۆنفرانسیان جێهێشتبوو، بەو ئاراستەیەی کە "گۆڕان ماڵی هەمووانە". ئەم هەنگاوانە نیشانەی تێگەیشتنی سەرکردایەتی نوێی بزوتنەوەکەیە لەو بەرپرسیارێتییە قورسەی لەم قۆناغەدا لەسەر شانیانە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، دیموکراسی و ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە لە هەرێمدا.




  ڕاگەیەندراوی پەسەندکراوی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان
  هاونیشتمانیانی خۆشەویست..
هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان..
  ئەندامانی کۆنفرانس..


  رۆژی دوشەمە، ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦، بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنفرانسی دامەزراندنی گرێدا، تێیدا دوای پەسەندکردنی دەستوری رێکخراوەیی، بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید، وەک رێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژاردران.


ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، دوای زیاتر لە ساڵێک لە ڕوبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە یاساییەکان و تێپەڕاندنی دوو کۆنفرانسی بێ ئەنجام، بە ئیرادەیەکی گۆڕانخوازانە و پەسەندکردنی ڕیکارە یاسایی و قانونیەکان، کارەکانی کۆنفرانس کۆتایی هات و لاپەڕەیەکی نوێمان لە خەباتی سیاسی و مەدەنی و ڕێکخراوەیی هەڵدایەوە.




سەرکەوتنی کۆنفرانس، لەلایەک دەستکەوتێکی ڕێکخراوەییە، لەلایەکی دیکەش هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی ئومێد و متمانە و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی گۆڕانخوازان. بەتایبەت کە بەدەنگی ئەندامانی کۆنفرانس دەستورێکی نوێی ڕێکخراوەیی پەسەند کرا، کە لەگەڵ خواستەکانی گۆڕانخوازان تەبایە و ئەرکی نوێی رێکخراوەیی بەسەرماندا سەپاندوە.




هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان..
لە ئەمڕۆوە، هەمومان لەبەردەم تاقیکردنەوە و بەرپرسیارێتیەکی قورس و دژوارداین، ئەو ئاڵنگاریانەی هەن پێویستیان بەخستنەگەڕی توانای هەڵسوڕاوان و کەسایەتی و گۆڕانخوازانە، بەشێوەیەک هەمومان بەیەکەوە کارنامەی داهاتومان لەسەر بنەمای خۆنوێکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ئۆرگانەکان دابڕێژینەوە، هاوکاتیش نیگەرانییەکانی ئەو هاوڕێیانە لەبەرچاوبگرین، کە هۆڵی کۆنفرانسیان بە جێهێشت، سەرکەوتنی کۆنفرانس هی ئەوانیشە و گۆڕان ماڵی هەموانە.




لە کۆتایدا، ئەرکی سیاسیی و ڕێکخراوەیی ئێمە بەرامبەر پرۆسەی سیاسیی و هەنگاونان بۆ بەهێزکردنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی مەدەنی و چاکسازیخواز، بۆ چەسپاندنی چاکسازی و دادپەروەری و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا لێرەوە دەست پێدەکات. هیوادارین هەمو کارەکتەر و دەستەبژێری سیاسیی خەمخۆر بۆ گۆڕان و خەباتی مەدەنی هاوکارمان بن و بەیەکەوە بناغەی کاری نوێی سیاسیی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و پرۆسەی سیاسیی دابنێین.
  بزوتنەوەی گۆڕان
١٧ی ٢ی ٢٠٢٦

145 جار خوێندراوەتەوە