مەزڵوم کۆبانێ: جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتن بەردەوامە

KNN : Kurdish News Network
01:49 - 17/02/2026
کوردستان
+
-

فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند هەوڵەکانیان لەگەڵ دیمەشقدا بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان و دانیش دەنێت بەوەی لە ڕابردوودا هەڵەیان کردووە و دەرەنجامەکەشیان بینی.

 

هەواڵ:KNNC

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پیاوماقوڵانی حەسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندیدارن بە کاروباری سووریاوە، بایەخ بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەدەن کە ئامانجی ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەییە.

وتیشی، ئێمە خاوەنی دامەزراوەیەکین کە زیاتر لە 12 ساڵە کار دەکەن، ئەم دامەزراوانە بەڕێوبەر و ئەندامەکانیان دەهێڵنەوە لە کاتی تێکەڵبوونیان لەناو پەیکەری دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریادا، ڕەنگە دۆسیەی تێکەڵکردنەکە کاتی پێ بچێت، بەڵام دڵنیاین لە سەرکەوتنمان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا.

ئەوەشی خستەڕوو کە کێشەیەک لە دامەزراندنی یاریدەدەری وەزیری بەرگری لە دیمەشقدا دروست بووە و ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی پڕکردنەوەی ئەو پۆستە ڕابگەیەنین.

وتیشی: ڕێککەوتووین لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەناو لیواکانی وەزارەتی بەرگریدا، لەگەڵ پاراستنی هەموو ئەو شەڕڤانانەی کە بەشدارییان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆردا کردووە و قوربانییان داوە.

فەرماندارەکەی کورد وتیشی، جەختیکردەوە کە پێویستە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان و بەڕێوبەرەکانیان لە شوێنەکانی خۆیان لەناو پێکهاتەی وەزارەتی ناوخۆی سووریادا بمێننەوە و ئەو هێزە ئەمنییانەی لە دیمەشقەوە هاتوون، کار دەکەن بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە؛ لیژنەیەکیشمان لە هەردوولا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پێکهێناوە و لە ماوەیەکی نزیکدا سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن.

فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕاشیگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا و بەڕێوبەری هەواڵگری کۆبووینەوە و ڕێککەوتین لەسەر خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە و پێکهێنانی دوو لیژنە لە هەردوولا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، کە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆدەبنەوە.

 

ڕاشیگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا تێبینی وتاری هاندان و ڕق و کینەمان کردووە، ئەمە شتێکی نامۆیە بۆ ئێمە لە جەزیرە و ناوچەکانی حەلەب و شوێنەکانی تر، چونکە ئێمە ڕاهاتووین بەبێ هیچ کێشەیەک پێکەوە بژین.

دووپاتیشیکردەوە کە ناوچە کوردییەکان یان ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردنشینن، لە 29ی کانوونی دووهەمدا ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییان، “مەبەستمان لەوەش ئەوەیە کە خەڵکی ناوچەکە خۆیان ئیدارەی ناوچەکەیان بدەن. تایبەتمەندی بۆ پێکهاتەی سریانی و ئاشووری لە گوند و ناوچەکانی خۆیاندا دەبێت، هاوشێوەی پێکهاتەی کورد”.

61 جار خوێندراوەتەوە