دوا بەدوای کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێشکەشکردنی پڕۆژەیەک لەلایەن محەمەد حاجی مەحمودەوە، پرسی دروستکردنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەکان جارێکی تر بووەوە بە ڕۆژەڤی گەرمی میدیا و ناوەندە سیاسییەکان. پسپۆڕێکی بواری یاسا لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ئەنجومەنێکی کۆکەرەوە بۆ هەموو حزبە سیاسییەکان لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا گرنگییەکی زۆری هەیە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە نابێت ئەو ئەنجومەنە ببێتە پەکخەری دامودەزگا فەرمی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان.
چۆمان محەمەد، پسپۆڕی بواری یاسا، ڕایدەگەیەنێت کە لەم دۆخە پڕ لە پەرتەوازییەی کورددا کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و حزبە دەسەڵاتدارەکان لێکترازانی گەورە لە نێوانیاندا هەیە، زۆر گرنگە سەکۆیەک هەبێت بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان.
ئەو پسپۆڕە پێی وایە ئەنجومەنی سیاسی حزبەکان پێویستییەکی ئەم قۆناغەیە، بەڵام دەبێت کار بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان بکات نەک ببێتە هۆی شەلەلکردنیان، چونکە ئەم ئەنجومەنە تا ئەو کاتەی لە پەرلەمانەوە سیفەتی فەرمی پێنەدرێت، تەنها وەک دامەزراوەیەکی سیاسی و مەتبەخێکی بڕیار بۆ کۆکەرەوەی حزبەکان دەمێنێتەوە، هاوشێوەی ئەزموونی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا کە بڕیاری سیاسی دەدەن بەڵام پەرلەمان و حکومەت کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو پسپۆڕە یاساییە تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە لە ئێستادا دامەزراوەکان و پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان بە کردەیی پەکین کەوتووە و تەنها بە ڕووکەش ماونەتەوە، بە جۆرێک کە پەرلەمان وەک مەرجەعی باڵای پرسە چارەنووسسازەکان زیاتر لە ساڵێکە کۆنەبووەتەوە. هەر بۆیە دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە دەکرێت وەک یەکێک لە ڕێگاکان و دەرچەیەک سەیر بکرێت بۆ ئەوەی دامەزراوە فەرمییەکان جارێکی تر کارا بکرێنەوە و لەو پەککەوتنە ڕزگار بکرێن کە بەرۆکی سیستەمی سیاسی هەرێمی گرتووە.
108 جار خوێندراوەتەوە