بزوتنەوەی گۆڕان:١٥ ساڵ دوای ١٧ی شوبات؛ هێشتا داواکاریی خەڵک جێبەجێ نەکراون

KNN : Kurdish News Network
10:51 - 17/02/2026
کوردستان
+
-

راگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان

هاونیشتمانیانی کوردستان..
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ١٧ی شوبات..

ئەمڕۆ (١٥) ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانی (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا تێدەپەڕێت، کە تێیدا خۆپیشاندەرانی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی چاکسازی ڕیشەیی، دادپەروەری و حوکمڕانیی دروست، سەروەری یاسا و ژیانێکی شکۆمەندانە، لە ڕێگەی خەباتی مەدەنیەوە داواکاریەکانیان خستەڕوو.

بەداخەوە، وەڵامی ئەو جوڵانەوە مەدەنی و حەقخوازە بە زەبری هێز درایەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک شەهید و بریندار و قوربانی لێکەوتەوە، ئێمە لەکاتێکدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید (ڕێژوان، شێرزاد، سورکێو، گەرمیان، بیلال، هەردی، ئومێد و سەرجەم قوربانییان) دادەنەوێنین، جەخت لەسەر داواکارییە ڕەواکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی سیستمی سیاسیی هەرێم دەکەینەوە.

لەم یادەدا، ئەوە بەبیر دەهێنینەوە، ئەو خواستە گشتیانەی (١٥) ساڵ لەمەوبەر خەڵکیان هێنایە سەر شەقام جێبەجێنەکراون و دۆخە سیاسیەکەش پێویستی بە دامەزراوەیکردن و بەهێزکردنی بنەماکانی حوکمڕانیە، بەتایبەت جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٢)ی پەرلەمانی کوردستان، وەک وەڵامدەرەوەیەک بۆ داخوازیە ڕەواکانی خۆپیشاندەران.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٧ی شوباتی ٢٠٢٦

160 جار خوێندراوەتەوە