پڕۆفایلی دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

KNN : Kurdish News Network
05:02 - 16/02/2026
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی دانا ئەحمەد مەجیدی وەک ڕێکخەری نوێی بزوتنەوەکە هەڵبژارد، ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت، خەباتی پێشمەرگایەتی و کاروانی سیاسی و ئیداریی ناوبراو.

لەدایکبوون و پەروەردە
* دانا ئەحمەد مەجید شاسوار، لە ٦ی ئازاری ١٩٥٦ لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی بە چەند شار و ناوچەیەکی جیاوازدا تێپەڕیوە:
* سەرەتای خوێندنی لە قەڵادزێ دەستپێکردووە.
* بەهۆی بارودۆخی خێزانییەوە، پۆلەکانی چوار و پێنجی سەرەتایی لە (سدة الهندية) لە پارێزگای بابل خوێندووە.
* دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی و قۆناغی شەشی سەرەتایی لە قوتابخانەی حەمدی و قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی هەر لەو شارە تەواو کردووە.
* لە ساڵی ١٩٧٤ چووەتە بەشی جیۆلۆجی لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سلێمانی، بەڵام بەهۆی کاری سیاسی و پێشمەرگایەتییەوە دوای دوو ساڵ خوێندنەکەی جێهێشتووە.

وێستگەکانی خەباتی پێشمەرگایەتی (١٩٧٤ - ١٩٩١)
* دانا ئەحمەد مەجید مێژوویەکی دوورودرێژی لەناو شۆڕش و خەباتی چەکداریدا هەیە و چەندین بەرپرسیارێتی سەربازی هەبووە:
*  لە ساڵی ١٩٧٤ بووەتە پێشمەرگە لە هێزی ئەزمەر.
*  لە ساڵانی هەشتاکاندا فەرماندەیی چەندین تیپی گرنگی کردووە، لەوانە: تیپی ٣١ی سلێمانی، تیپی ٩٣ی کۆیە، تیپی ٢٣ی سورداش و تیپی ٢٥ی خاڵخاڵان.
*  لە ساڵی ١٩٨٦ تا ١٩٨٨ لێپرسراوی پەیوەندییەکانی یەکێتی بووە لە "یاخسەمەر". دوای ئەنفالیش، تا ساڵی ١٩٩١ لێپرسراوی پەیوەندییەکانی یەکێتی بووە لەگەڵ ئێران (لە کرماشان).
* لە ماوەی خەباتی پارتیزانیدا، چەند جارێک بریندار بووە.

بەرپرسیارێتییە کارگێڕی و سیاسییەکان (١٩٩٣ - ٢٠٠٩)
* دوای ڕاپەڕین، دانا ئەحمەد مەجید چەندین پۆستی باڵای دیپلۆماسی و حکومی وەرگرتووە
*  نوێنەری یەکێتی لە سوریا (١٩٩٣-٢٠٠١) و سەرپەرشتیاری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران (٢٠٠١).
*  لە ساڵی ٢٠٠٣ بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەرێم بە پلەی وەزیر.
*  لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٠٥ وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربوو و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ لەو پۆستەدا بەردەوام بوو.

قۆناغی بزوتنەوەی گۆڕان و گەڕانەوە
* لە ناوەڕاستی ساڵی (2011) بە هۆكاری پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان و دۆخێكی تایبەت چوەتە دەرەوەی وڵات و لە تەموزی (2024) گەڕاوەتەوە كوردستان
* لە (18/9/2024) بریكارنامەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بۆ دەركراوە بۆ پیادەكردنی ئەرك و دەسەڵاتەكانی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەكالەت
* رۆژی (16/2/2026) لە كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری كەركوك لەژێر سەرپەرشتی و ئامادەبونی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە فەرمی وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا

ژیانی تایبەت
* لە ساڵی ١٩٨٤ لەگەڵ خاتوو (چیمەن عەبدولڕەحمان) هاوسەرگیری کردووە.
*  خاوەنی سێ منداڵە بە ناوەکانی (لەنیا، زانا و توانا).
* پێنج برای هەیە کە چواریان پێشمەرگە بوون.

513 جار خوێندراوەتەوە